پێشەکیی ئامادەکار

لە کتێبی:
فەرهەنگی مەردۆخ
بەرهەمی:
ڕەئووف ڕەهنموون
 4 خولەک  118 بینین
موتاڵای حاشیەی زوڵفت لەسەر سەفحەی ڕوخت سەعبە
بەوەم چا بوو بە منداڵی لە دەرسی عیشق ڕاھاتم

ھەرچەندە ھەر لە منداڵیەوە لە ناو دەسنووس و کەشکۆڵ و کتێبی لاپەڕە زەردی ھەر سێ زمانی کوردی و فارسی و عەرەبیدا پەروەردە بووم و بەراوردکردنی ئەدەب و وێژەی ئەو سێ زمانە پێکەوە ھەمیشە یەکێک لە حەزەکانم بووە و ھەر ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی تا ئەندازەیەک متمانە بە خۆم بکەم و پێشنیاری جەنابی «عەبدولموئمین مەردۆخ» لە ڕێگەی بەڕێز کاک «یەحیا پەرتەوی» بەڕێوەبەری بڵاوگەی «پڕتەو بەیان»ەوە پەسەند بکەم و خۆم بخەمە ناو دەریای بێ پەیی فەرھەنگە دەوڵەمەندەکەی «زانای ھەرەبلیمەت جەنابی ئایەتوڵڵا شێخ موحەممەد مەردۆخی کوردستانی»ەوە، بەڵام کاتێک تێگەیشتم چ چیایەکی سەرکەش و پڕ لە ھەڵدێر و چ دەریایەکی بێ‌بن و پڕ لە گێژاوم گرتووەتە بەر کە تازە لە بنار و کەنار دوور کەوتبوومەوە و مەترسی گەڕانەوە لە درێژەپێدان کەمتر نەبوو..‌.

ھەر بۆیە بەوپەڕی دڵەڕاوکێوە پشتم بەو سەرچاوانەی لە بەر دەستمدا بوون بەست و بەو ھیوایەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پتر لە کارەکەمدا ئەزموون پەیدا کەم؛ بەوپەڕی ھێواشی و پەرێزەوە بەرەوپێش چووم و ئێستا کە ئەم پێشەکیە دەنووسم دوو ساڵی ڕەبەقە زۆربەی کاتی خۆمم بۆ ئەم کارە تەرخان کردووە و تازە خەریکم بەرگی یەکەمی ئەو فەرھەنگەی لە ماوەی ھەژدە مانگدا نووسراوە ئامادە دەکەم.

لەوانەیە خوێنەری بەڕێز گلەییم لێ‌بکات و ڕەخنەم لێ‌بگرێت و بڵێت: چی ناچاری کردبوویت بە تەنیا ڕووبەڕووی کارێک ببیتەوە کە پێویستە کۆمەڵێک پسپۆڕ پێکەوە پێوەی خەریک بن؟

منیش بەوپەڕی دڵنیاییەوە لەسەر ئەو باوەڕەم کە لێکۆڵینەوە و لەسەرنووسینی وەھا شاکارێک ھەرگیز بە ھەوڵی تاکەکەسی بەو شێوەیەی کە شیاوە ناگاتە ئەنجام، بەڵام بەوپەڕی داخ و کەسەرەوە لەم بارە نائاساییەدا کە ھیچ لایەن و ناوەندێک ئامادە نیە کەمترین پێداویستی ماددی و دراوی وەھا پرۆژەیەک لە وەھا ئاستێکدا دابین بکات؛ دەست‌ لەسەر دەست دانان و چاوەڕوانی کردنی وەھا ھەل و دەرفەتێک خەیاڵێکی خاو و ئاواتێکی نەگونجاوە و ئەوەی ھەمووی بە دەست نایەت نابێت دەست لە ھەمووی ھەڵبگیردرێت.

شتێکی‌ تر کە مرۆڤ ھان دەدات ھەتا لەم ڕێگایەدا ھەنگاوێکی ھەرچەندە بچووک ھەڵبگرێت ئەوەیە کە بە چاوی خۆمان دەبینین بەرھەمێکی وەھا بەپێز تەنیا لەبەر دەسنووس بوون و نەگونجاو بوونی چاپەکەی، کەمترین ئاوڕی لێ‌دراوەتەوە و کەمترین کەڵکی لێ‌وەرگیراوە و ھێشتا دەیان و سەدان وشەی تێدایە کە لەو فەرھەنگانەدا کە پاش بڵاوبوونەوەی فەرھەنگی مەردۆخ نووسراون بەرچاو ناکەون.

ھەروەھا نووسەری بەڕێز لە پێشەکی فەرھەنگەکەیدا کورتەیەکی بەنرخی دەربارەی ڕێزمانی کوردی نووسیوە کە تا ئەو جێگایەی ئاگادارم لە ھیچ کتێبێکی ڕێزماندا نەمدیوە نووسەرێک ئاماژەی پێ‌بکات و وەکوو سەرچاوەیەک پشتی پێ‌ببەستێت.

لە کۆتاییدا جێگەی خۆیەتی بوترێت: ئەگەر ئەم ھەوڵە کەموکورتە ڕێگە بۆ ھەوڵێکی بە کۆمەڵ لە داھاتوودا بۆ ساغ‌کردنەوە و لەسەر نووسینی ئەم فەرھەنگە خۆش نەکات؛ لانی کەم نابێتە بەربەست لە ڕێگەی وەھا پرۆژەیەکدا.

ھیوادارم کاردانەوەی خوێنەران بە گشتی و زانایان و پسپۆڕان بە تایبەتی لە بەرامبەر ھەر جۆرە ھەڵەیەکی ئەم پیاچوونەوە و لەسەرنووسینە و ڕاگەیاندنی بە بڵاوگەی «پڕتەو بەیان»، ھەرەوەزێک بۆ بژارکردنی ھەڵەکانم - کە دەزانم کەم نین - بەدی‌بھێنێت.